خوبه خشی نه رییتیکی کورده واریییه
خوبەخشی نه ریتێکی کوردەوارییه 

لە جیھاندا ڕۆژێک دیاریکراوە بە ناوی ڕۆژی جیهانیی خۆبەخشی ، ئەمەش نیشانەی گەورەیی و گرنگی کاری خۆبەخشی دەخاتە ڕوو.
ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی لەڕوانگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیی و ئاینییەوە بایە خێکی گەورەی هەیە و یەکێکە لە کارە پیرۆز و گرنگەکان، کە مرۆڤ پێی هەڵدەسێت لەپێناو پاراستنی ئەو بەها مرۆڤایەتی و سیاسیی و ئاینییەی کە ئامانجیەتی.

خۆبەخشیی دیاردەیەکی جوانی کۆمەڵگەیە و نیشانەی شارستانی بوونی کۆمەڵگەیه‌ و سەلمێنەری ئەوەیە كه‌ تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پابەندن بە بەها مرۆڤایەتیەکانەوە و سەرەڕای ئامانجە کەسییەکانی خۆیان، ئامانجێکی گشتییان هەیە کە خزمەتی گشتییه‌ لە بوارە جیاوازەکاندا.

کاری خۆبەخشی ژیانی تاکەکان دەڕازێنێتەوە، ئاسوودەیی بەدیدەهێنێت وكه‌سی خۆبه‌خش هه‌ست به‌ بوون و كاریگه‌ری خۆی ده‌كات و تاکی خۆبەخش دەبێتە خاوەن کەسایەتییەکی پەسەند لەناو کۆمەڵگە.

هەر لەبەر ئەمەشە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لەڕێگەی چه‌ندین بەرنامە و پلانەوە، هانی تاکەکانیان دەدەن کاری خۆبەخشی بکەن و ڕێز لەوانە دەگیرێت کە بەو کارە هەڵدەسن و لە ئەنجامیشدا دەبینین کە کاری خۆبەخشی بووەتە کلتورێکی دیاری ئەو کۆمەڵگە پێشکەوتووانە.

کلتوری ئێمەش یارمەتیدەر و هاوکار و هاندەرە بۆ ئەنجامدانی کاری خۆبەخشیی و کۆمەڵگەیەکی لەخۆبووردوو و خۆنەویست و چاکەخوازمان هەیە و دەتوانین تێیدا پەرە بە کاری خۆبەخشیی بدەین.

ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی لە پێناو چاکەی گشتیدا لە ڕێگەی کاری سیاسییەوە، بەجێهێنانی ئەرکێکی پیرۆزە و مرۆڤ لە ڕێگەیەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دەدات و ئامانجیەتی چاکەی گشتی بەدیبهێنێت، کە ئەمەش کرۆکی سیاسەتکردنە لای ئێمە و هەموو هەنگاوێکی سیاسیی دەبێت خۆبەخشانە بێت و ئامانج لێی تەنها بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی بێت نەک بەرژەوەندی تاکەکەسیی.

کاری خۆبەخشی فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنی ھەموو پرۆژەیەکی سیاسیە، چونکە خۆبەخشی نیشانەی قوربانیدان و خزمەتکردن لە خۆ گۆدەگرێت، کە لە بنەما سەرەکیەکانی رزگاری وسەرکەوتنه‌. ھەر لەو پێناوەشدا ھاوپەیمانی بریاریداوە كلتوری قوربانیدان وخۆبه‌خشی زیندوو بكاته‌وه‌ وبیكاته‌ خزمه‌تگوزاری و بیخاته‌ خزمه‌ت سوود و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوەی نیشتیمان