هاوپەیمانیی نیشتمانی پڕۆژەیەكە بۆ زیندوو كردنەوەی ئومێد و هیوا لای خەڵك و دواتر كاركردن بۆ هێنانەدیی ئاواتەكانیان لە گەیشتن بە ژیانێكی شایستە، لەھەمانکاتدا دروست کردنی هیوا و ئومێد بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كاری سیاسی بكەن، بۆ گەیشتن بە پلە و پۆستێک کە خۆی بۆ ئامادە دەکات، ھاوپەیمانی ھەوڵ دان بۆ گەیشتن بە پلە وپۆست بە ئاسایی و گونجاو دەزانێت، چونکە بوونی خواست و خۆزگە لای مرۆڤ بۆ گەیشتن بە پۆست نیشانەی زیندوێتی و توانای ئەو کەسە دەردەخات، بوونی خواست یەكێكە لە بنەماکانی سەرکەوتنی هەر کەسێک لە هەر کارێکدا، بەتایبەتی لەبواری سەرکردایەتیکردندا، بەڵام لەو نێوەندەدا گرنگە مرۆڤ توانا و كارامەییەكانی خۆی بزانێت، و لە ئەنجامی چالاکی و لە رێگەی خزمەت کردنەوە ھەوڵ بدات بۆ گەیشتن بەو پۆستەی خواستی خۆیەتی و دەزانێت لە رێگەی ئەو پۆستەوە دەتوانێت خزمەتی زیاتر بکات بە ھاوپەیمانی ، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە تەنها بڕوای خۆت بە خۆت نابێتە سەلمێنەری تواناکانت ، لە بڕوابەخۆبوون گرنگتر ئەوەیە دەوروبەرەكەت دان بە توانا و هێز و شیاویی تۆدا بنێن بۆ بەڕێوەبردنی پۆستێكی دیاریكراو.


لە لایەکی ترەوە خراپترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە پلەو پۆست ناکۆکی دروست کردن و سیاسەت کردنە لە گەڵ ھاوڕیکانتدا و دروست کردنی ململانێی ناتەندروستە بۆ گەشتن بە خواستی پۆستی سیاسی یان حکومی.

‏‎بەردەوام ململانێ لەسەر پۆست و دەسەڵات هێزەكانی پەرت كردووە و لە بری ئەوەی تواناكان لە كاركردن و جێبەجێكردنی ئەركەكان بخرێنەگەڕ، لە خودی ململانێكان بۆ گەیشتن بە پۆست بەهەدەردراون، بۆیە گرنگە ململانێ لەسەر كار و زیادكردنی بەرهەم و جێبەجێكردنی ئەركەكان بكرێت و توانا خودییەكان و تواناكانی كاركردنی بەكۆمەڵ بەرزبكرێنەوە و خۆت بگەیەنیتە ئاستێك كە دەوروبەر بە شیاوت بزانن بۆ دەستخستنی پۆستێكی شایستە بە تواناكانت، بۆیە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیدا هەركەسێک كار بكات و ئەركەكانی سەرشانی بە سەركەوتویی جێبەجێ بكات، دڵنیابێت كە دەگاتە شوێنی شایستەی خۆی.


‏‎لە كاری سیاسیدا پەلەكردن هەڵەیە، هەڵپەی زوو گەیشتن بە لووتكە زۆرجار ئەنجامەكەی نەگەیشتنە بە نیوەی ڕێگاكەش، نەک گەیشتن بە لووتكە، بۆیە ئەگەر دەتەوێت بگەیت بەو شوێنەی بەشایستەی خۆتی دەزانیت، گرنگە ڕەچاوی قۆناغبەندیی بكەیت و بزانیت كەی هەنگاو دەنێیت و لەكوێدا ھەنگاو دادەنێیت.
‏‎گرنگە هەر كەسێك كە دەگاتە پلەیەكی دیاریكراو، كار بكات بۆ ئەوەی دیدگا و بنەما جوان و مۆڕاڵییەكان لەخۆیدا ڕەنگڕێژ بکات و پەخشی بكات بۆ دەوروبەرەكەشی، ئەگەر نا، هەرزوو و بەئاسانی پۆست و پلەكەی لەدەست دەدات.
‏‎لە هاوپەیمانیی نیشتمانیدا هەموو پۆست و پلەكان بەشێوەی خولی بەڕێوەدەبرێن و بنەمای دەستاودەستكردنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەكان جێبەجێدەكرێت، بۆیە لەڕووی كاتەوە هەموو یەكێك هەلی ئەوەی بۆ دێتەپێش كە بگات بە پلەی دڵخوازی خۆی، بێگومان ئەگەر بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانی و سەلماندنی توانا و كارامەییەكانی، خۆی سەلماندبێت و كەسەكانی دەوروبەری و هاوڕێكانی یان خۆی كاندید بکات بۆ بەڕێوەبردنی پۆست و پلەیەكی دیاریكراو.