هاوپەیمانی بۆچی ؟

هاوپەیمانیی نیشتمانیی باوەڕی تەواویی بە خەباتی مەدەنیی و سیاسیی هەیە و ئامانجیشی لە بەردەوامبوون لەو ڕێگەی خەباتە بریتییە لە رووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی گەندەڵی و ستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کە لە هاوڵاتیان دەکرێت.

دەسەڵات لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی تەواویی داوە بۆ شکاندنی شکۆی مرۆڤ و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بە جۆرەها شێوە و لە چەندین ڕێگەوە مافەکانی هاوڵاتیان پێشیلکراون و ئیرادەیان زەوتکراوە و بۆچوونیان بێبەها کراوە.

لە هەرێمی کوردستان لەو ئەزموونەی کە پێیدا تێپۆەڕیوین و بە ئێستاشەوە، دیموکراسیی تەنها ڕووکەش و ڕەتوشکردن و ڕازاندنەوەی دەسەڵاتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی و ڕاستگۆیانە بۆ چەسپاندنی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان نەنراوە.

ئازادی و مافەکانیی مرۆڤ دوو چەمک بوون تەنها لە بانگەشەدا ماونەتەوە و لە واقعدا هەستیان پێنەکراوە و دەسەڵات لەسەر بنەماکانی ئەو دوو چەمکە مامەڵەی لەگەڵ هاوڵاتیان نەکردووە.

لە ئەنجامی ستەمی ئابووریدا، چینایەتییەکی قوڵی ڕانەگەیەنراو دروستبووە و کۆمەڵگە بەهۆیەوە دابەشبووە بەسەر دوو چینی زۆر جودا لەیەک، کە ئەمەش مەترسی گەورە دروستدەکات لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێکەوە کارکردنی کۆمەڵگە.

لەمێژوودا ستەمی نەتەوەوایەتیی لە گەلی کورد کراوە و لەپێناو وەرگرتنەوەی مافەکانماندا خەباتی چەکدارییمان کرد و توانیمان بەشیک لە مافەکانمان بەدیبهێنین، بەڵام ئێتا ستەمیی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسییمان لێ دەکرێت.

بۆیە دەبێت هەموو چاکەخوازان لەدەوری پڕۆژەیەک کۆبکەینەوە و هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی چاکەکاری و تێپەڕاندنی ئەو دۆخ و دەسەڵاتە یەک بخەین و ستەمی سەر گەلەکەمان هەڵگرین.
#بەشێک لەدیدی هاوپەیمانی