قسەش کارو کردارە

قسە و کردەوە و جیاوازیی نێوانیان و پێشخستنی یەکێکیان لەوی تریان و بەگرنگ زانینی یەکێکیان، جێگەی گفتووگۆی زۆرێک لە دەستەبژێر و هاوڵاتیانیشە.

هەندێک پێیان وایە قسەکردن هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و بۆچوونێکی باو لە کۆمەڵگەدا دروستبووە کە پێی وایە قسەکردن زۆر جیاوازە لە کردار و باس لەوە دەکرێت کە ئەوەی بۆ سیاسەت گرنگە کردارە نەک قسەکرد، ئەم بۆچوونە لە شێوە گشتییەکەیدا کێشەیەکی ئەوتۆی نییە و هەموان کۆکن لەسەری، بەڵام کاتێک پرسیار لەسەر ئەوە دروست دەبێت کە ئایا قسەکردن هیچ لە دۆخەکە دەگۆڕێت یان نا؟ ئەوکات وەڵامەکە جیاواز دەبێت و یەکلاییکردنەوەی پرسەکە بیرکردنەوەیەکی قوڵتری پێویست دەبێت.

سەرەتای هەموو کارێک کە مرۆڤ پێی هەڵدەستێت، بیرکردنەوەیە، پاشان دەکرێت قسەی لەسەر بکات و گفتوگۆی بیرۆکەکە بکات لەگەڵ خەڵکانی تر و دواتر ئەو بیرۆکەیە جێبەجێدەکرێت، ئەمەش بەو واتایە دێت کە قسەکردن و کارکردن تەواوکاری یەکدین نەک دژی یەک بن.

ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆرەپاندا روودەدات، دوێنێ قسەی لەبارەوە کراوە، ئەوەی ئێستا قسەی لەبارەوە دەکرێت یان دوێنێ روویداوە یان چاوەروان دەکرێت سبەینێ رووبدات، هەندێک لە قسەکردنەکان، هەڵوێستن، واتە رووداوێک روویداوە، تۆ تەنها بەوەی کە قسەی لەسەر دەکەیت و بۆچوونی خۆتی لەبارەوە دەخەیتەڕوو، دەبیتە خاوەن هەڵوێست و هەڵوێستەکەش کە تەنها قسەیەکە، دەبێتە بنەما بۆ مامەڵەکردن و کاردانەوەیەکی درێژخایەن، کەواتە قسەکردن کاریگەری لەسەر کار و کاردانەوەکان دەبێت.

هەر قسەکردنێک کاریگەری لەسەر بۆجوون و هزر و رەفتاری خەڵک دەبێت، کاتێک کەسێک وتار بۆ سەدان کەس دەدات و دەیانگەیەنێتە باوەڕێک کە کارێک بکەن و ئەویتر نەکەن، ئەمە گرنگییەکەی لە کردار زۆرترە، چوونکە بە قسەکردن وا لە خەڵکانێک دەکرێت کە کرداریان هەبێت و ئەو کارە بکەن کە ڕاستە.

بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، هەوڵێکی فراوانی هەمەلایەن هەیە کە وا لە خەڵک بگەیەنرێت گوایا قسەکردن هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و قسە هیچی لێ سەوز نابێت، کە ئامانج لەم هەوڵە ئەوەیە خەڵک واز لە باسکردنی کایە سیاسییەکە بهێنێت و هەرکەسێکیش قسەیەکی جدیی لەوبارەیەوە بکات، لە وەڵامدا پێی دەڵێت “تەنها قسەیە”، ئەرکی دەستەبژێری کۆمەڵگەیە ئەو بۆچوونە زاڵە کاڵبکەنەوە و وابکەن خەڵک گرنگی بدات بە قسەکردن و گفتوگۆکردن و خستنەبەرباسی سەرجەم کایەکان، بۆئەوەی لە ئەنجامی قسەکردندا گۆڕانکاریی لە ڕەفتاریشدا رووبدات.